دانیشتنی حەوتوانە 21

❂ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی❂
بیستو یەکەمین دانیشتنی زانستیی ناوەندی جامی بەڕێوە چوو
تەوەر: مەهاباد: سینەما و جەژنوارەی ئاسمان
بەڕێوەبەر: یاقووب خزری
وتاربێژان: ئیبڕاهیم سەعیدی(سینەماکار، بەرپرسی جەژنوارەی ئاسمان)
سالم سەلواتی(سینەماکار، بەرپرسی ئەنجومەنی سینەمای مەهاباد)
بەختیار پەنجەیی( شانۆکار و ڕەخنەگر)
✓ بیست و یەکەمین دانیشتنی حەوتووانەی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری هۆگرانی فەرهەنگی کوردی، ڕۆژی دووشەممە 5ی خەرمانان ١٤٠٣ی هەتاوی لە نووسینگەی ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی بەڕێوە چوو.
☜ لە دانیشتنی ئەم حەوتوویەدا کە بە شێوەی میزگێرد بەڕێوە چوو، ئیبڕاهیم سەعیدی(سینماکار و بەرپرسی فێستیواڵی ئاسمان)، بارودۆخی ئێستای سینەما بە گشتی وەک هونەری هاوچەرخ لە ئێران و کورستاندا هەڵسەنگاند. ئەم سینەماکارە ناودارە کوتی: “سینەما لە ئاست کوردستان و بە گشتی هەلومەرجی سینەمای کوردی لە ناو سینەماکاراندا لە ئاستێکی باشدا نییە، چونکە ژیانی تاکەکەسیی ئەوان زۆر خراپه و زیاتر خۆبەخشانە کار دەکەن”. سەعیدی سەبارەت بە فێستیواڵی ئاسمان کوتی: ” زەروورەتی بەڕێوە چوونی فێستیواڵی ئاسمان لە مەهاباد هەستی پێدەکرێ، چونکە ئەم فێستیواڵه دەتوانێ کارتێکردنی لە سەر ڕۆشنبیریی گشتی و بەرەو پێش بردنی ئەم ڕەوتەی لە کۆمەڵگای کوردیدا هەبێ، هەر وەها دەبێتە هۆی پتەوتر کردنی ئەزموون و زانستی سینەماکارانی کورد”.
لە درێژەی بەرنامەدا سالم سەلەواتی سینەماکاری کورد و بەرپرسی ئەنجومەنی سینەمای مەهاباد بارودۆخی سینەمای لە ناوچەی موکریان لەگەڵ ناوچەکانی تری کوردستاندا بەراورد کرد و کوتی لە قیاسێکی سەرەتاییدا دۆخی سینەما لە موکریاندا بە نیسبەتی ناوچەکانی تر لاوازترە. ئەم لاوازییەش پێویستی بە خەسارناسییەکی جیددی هەیە. هەر وەها کوتی سینەمای کوردی خاوەنی سیستمێکی ئابووری نییە بۆ پاڵپشتی کردنی سینەماکاران. لە پەنا ئەوانەشدا پارێزگای کوردستان لە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری کوردستاندا لە بواری سینەماوە چالاکترە و سینەماکارانی ئەم ناوچەیە زیاتریان کار کردووە. بەو پێیە فێستیواڵی ئاسمان دەتوانێ ڕووداوێکی گەورە بێ بۆ بەشداری و چالاکی زیاتری سینەماکارانی ناوچه. ئاسمان دەتوانێ وەک پڕۆسەیەک دەوری گرینگی هەبێ لە سەر دۆخی سینەمای کوردی بە گشتی و ناوچەی موکریان بە تایبەتی.
بەختیار پەنجەیی(شانۆکار، شانۆنووس و ڕەخنەگری سینەما) وتاربێژی سێهەم بوو. ئەو بەڕێزه لە وتارەکەیاندا ئاماژەی بەوە دا کە سینەمای کوردی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بڵێین خاوەنی دیسکۆرسی تایبەت بە خۆیەتی. چونکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هونەر ئۆرگانی مەقبووڵی کۆمەڵایەتی نەبووە. سینەمای ئێمە لە ڕیوایەتدا لاوازە. لە درێژەشدا کوتی: “پێوەندی نێوان ئەدەبیات و سینەما لە نێو سینەماکارانی کورددا زەعیفه؛ بۆیە جەژنوارەی ئاسمان لەو پێوەندییەدا و لە زۆر بواری ترەوە دەتوانێ زەمینەیەکی باش بۆ سینەماکارانی کورد ساز بکا، تا ڕادەیەک کە تەنانەت زەرفییەتی خوڵقاندنی بەرهەمیشی هەبێ”.
✓ بەشێکی تری بەرنامەکە بریتی بوو لە ” پرسیار و وڵام”. لەم بەشەدا ئامادەبووان پرسیارەکانی خۆیان لە بابەت تەوەری باسەکە خستە ڕوو و وڵامی پێویست لە لایان وتاربێژ ئاراستەی ئەو بەڕێزانە کرا.
١٤٠٣/۰۶/۵
☟
https://t.me/nawendy1