دانیشتنی حەوتوانە 81

ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی
✅ هەشتا و یەکەمین دانیشتنی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی( لە ژێر تیشکی یەکەمین دانیشتنی بەشی لاوانی ناوەندی جامی)یەوە.
یەکەمین دانیشتنی بەشی لاوانی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بەڕێوە چوو.
تەوەر: دیاردهی خۆکوژیی لاوان
وتاربێژان: سۆما تووتنچی، سیما کوردپوور، مەزهەر سەوارە، زانیار ڕەوا، پێشەوا حاجی، برایم ڕەسووڵی، محەممەد عەبدوڵڵابەیگی
بەڕێوەبەران: محەممەدئەمین قازی(نەدار) هاوڕێ لەگەڵ خاتوو تروسکە بەحری
یەکەمین دانیشتنی بەشی لاوانی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری ئەندامانی جامی، تاقمێک لە نووسەران و هۆگرانی فەرهەنگ و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەوانناسان، لاوان و بەشێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری مەهاباد، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری 1404ی هەتاوی لە نووسینگەی ناوەندی جامی بەڕێوە چوو .
سەرەتا وەک دەسپێکی بەرنامە ڕێزدار محەممەدئەمین قازی و خاتوو تروسکە بەحری وەک بەڕێوبەرانی بەرنامه، بە خێر هاتنی بەشدارانی کۆڕەکەیان کرد و مژاری کۆڕەکەیان ورووژاند.
پاشان خاتوو سۆما تووتنچی وەک چالاکی بواری ڕەوانناسی، کورتەباسێکی لەسەر ئامار و نیشانەکانی خۆکوژی هێنایە ئاراوە. تووتنچی ئاماژەی بە هێندێک ڕێکاری کلینیکاڵییەوە کرد کە یارمەتیدەرن بۆ پێشگیری لە دیاردەی خۆکوژی.
دواتر خاتوو سیما کوردپوور ئاماژەی بە خۆکوژی لە نێو کادڕی دەرمان بە تایبەت (ڕێزیدێنتەکان)وە کرد و وەک کەسێک کە خۆی لەو بوارەدا ئیشی کردووە لە ڕوانگەی ئێروین یالۆمەوە شیکاری بابەتەکەی کرد.
ڕێزدار مەزهەر سەوارە مژارێکی گرینگی بە نێوی ئاسانکوژیی(Euthanasia)خۆبەخشانەی هێنایە ئاراوە و وردەکارییەکانی ئەم بابەتەی لە مافەوە تا کێشەیەکی پزیشکی ــ ئەخلاقی لێک دایەوە.
کاک محەممەد عەبدوڵڵابەیگی لە وتارەکەی خۆیدا باسی ڕەنجێکی کرد، ئەو کاتەی مرۆڤێک تووشی خۆکوژی دەبێ و بیری لێدەکاتەوە دەیچێژێ و هەر وەها مژاری بابەتەکەی ڕەنج و سڕینەوەی مرۆڤ لە خۆکوژی بوو و گۆشەنیگای چوونە نێو بابەتەکەی، چوونە نێو بیری کەسێک بوو کە هەنگاو بۆ ئەو کارە هەڵدێنێتەوە.
پاشان زانیار ڕەوا لە دەلاقەیەکی کۆمەڵناسییەوە، خۆکوژی لە ڕوانگەی ئێمیل دۆرکایمەوە بۆ ئامادەبووان باس کرد و لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەست بەم مژاره لێدوانی خۆی ئاراستە کرد.
لە درێژەدا پێشەوا حاجی لە بابەتەکیدا ڕووی قسەکانی لەو کۆمەڵگایە بوو کە خۆمان ئێستا تێیدا دەژین و بابەتی خۆکوژی لە دڵی کۆمەڵگای ئێستادا شڕۆڤە کرد. حاجی لەمپەڕەکانی کۆمەڵایەتی بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە زانی و لەو چوارچێوەیەدا دەستوپێوەندییەکانی خۆکوژی خستە ڕوو.
برایم ڕەسووڵی ناسراو بە غەوارە وتاربێژی پاژێکی تری بەرنامە بوو. غەواره لە وتارەکەیدا لەسەر بابەتی خۆکوژی، دژایەتی تاک لە هەمبەر ئازادیی کۆمەڵایەتی دوا و بنەما فەلسەفی وکۆمەڵایەتییەکانی شی کردەوە.
لە کۆتاییدا خاتوو سۆما تووتنچی بە هێندێک ڕێکاری ئۆرژانسی بۆ ئەو کەسانەی لە مەترسی خۆکوژی دان کۆتایی بە کۆڕەکە هێنا.
بەشی کۆتایی کۆڕەکەش تەرخان کرابوو بە پرسیار و سرنجی ئامادەبووان، کە کۆمەڵێک پرسیار و سرنجیان هێنا گۆرێ و وتاربێژان وڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.
بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکانەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنانه) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان
1- https://t.me/nawendy1/1563 تروسکە بەحری
2-https://t.me/nawendy1/1564 سیما کوردپوور
3- https://t.me/nawendy1/1565 مەزهەر سەوارە
4-https://t.me/nawendy1/1566 سۆما تووتنچی
5-https://t.me/nawendy1/1567 محەممەد عەبدوڵڵابەیگی
6-https://t.me/nawendy1/1568 زانیار ڕەوا
7-https://t.me/nawendy1/1569 محەممەدئەمین قازی
8-https://t.me/nawendy1/1570 پێشەوا حاجی
9-https://t.me/nawendy1/1571 برایم ڕەسووڵی