جامی, زانسته مرۆڤیه‌کان

سێیەمین دانیشتنی بەشی “زانستە مرۆییەکان”ی ناوەندی جامی

◉ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉

سێیەمین دانیشتنی بەشی “زانستە مرۆییەکان”ی ناوەندی جامی

تەوەر: پرێستیژی زمانی لە پەیوەندی دەگەڵ فەکتەری دەسەڵات
وتاربێژ: د. مەنیژە میرموکری
کۆڕگێڕ: د. لەیلا عەباس‌تاهیر

☜ دوکتۆر د. عەباس‌تاهیر لە پێش‌دا پێشەکییەکی چڕوپڕی بۆ ماوەی چەند خولەک لە پەیوەندی دەگەڵ زمانناسی کۆمەڵایەتی و بوارە جۆربەجۆرەکانی ئەو ڕشتەیە پێشکەش . پاشان د. مەنیژە میرموکری دوکتۆری زمانناس و تۆیژەڕ وتارەکەی خۆی بە شڕۆڤەی خوارەوە پێشکەش بە حازربووان کرد:
لەم وتارەدا کە لە ڕوانگەیەکی وەسفی ـ شیکردنەوەیی پێشکەش کرا، چەمکی پرێستیژی زمانیی لە بەستێنی زمانناسی کۆمەڵایەتی‌دا تاوتوێ کرا. بەر لە هەر شتێک بە هێنانەوەی پێناسەی پرێستیژی زمانی و ئاماژە بە مێژووی بیچم گرتنی ئەو چەمکە لە خوێندنەوە زمانناسییەکان‌دا، بنەمای تیۆریکی ئەم چەمکە لە زمانناسی‌دا ناسێنڕا و جۆرەکانی پرێستیژی زمانیی کە بریتی بوون لە پرێستیژی ڕاشکاوانە(Overt Prestige) و پرێستیژ شاراوە (Covert Prestige) خرانە بەر باس و پرسیار.
لە بەشی نێوانیی باسەکەدا ئاماژە بەو فەکتەرانە کرا وا لە فۆرم گرتن و بەردەوایی پرێستیژی زمانیی ڕۆڵی بنەڕەتییان هەیە. لەوانە دەسەڵاتی سیاسی، میدیاکان، سیستەمی پەروەردە، بازاری کار، دامەزراوە کۆمەڵایەتیی و ئائینییەکان و ژمارەی قسەکەران. لەو نێوانەدا ڕۆڵی دەسەڵات بە تایبەتی شیکردنەوەی بۆ کرا. به سوود بردن لە ڕوانگەکانی فۆکۆ، برنشتاین، بۆردیۆ و باختین چۆنیەتی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و شەرعییەت پێدان بە زمانە باڵادەستەکان و پرێستیژدار تاوتۆی کرایەوە و ئاماژە بەوە کرا کە زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندی گرتن نییه بەڵکوو بەستێنێک بۆ بەرهەمێنانەوەی نەزمی کۆمەڵایەتی و دەکارکردنی زاڵ بوون.
لە درێژەی وتارەکەدا ئاکامە خڕاپەکانی پرێستیژی زمانیی زمانی زاڵ بۆ زمانە ناپرێستیژەکان خڕا بەر سەرنج لەوانە: لەناوچوونی وردە وردەی زمان، گۆڕانی زمان، هەستی خۆبەکەمزانیی زمانیی لە نێوان ئاخێوەرانی کەمینەکان. ئەم ئاکامانە لە ڕاستای تیۆری مردنی زمانیی و نایەکسانی لە نێوان زمانەکان شیکردنەوەیان بۆ کرا.

☜ لە بەشی کۆتایی‌دا، ڕێگاچارەگەلێک بۆ بەرخودان دەگەڵ زاڵێتی پرێستیژی زمانیی و ئێحیای پێگەی زمانە بندەستەکان پێشکەش کرا کە دەتوانین ئاماژە بەوانە بکەین: بە فەرمییەت ناسینی زمانە کەمینەکان، بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی فێرکاری بە شێوەی چەند زمانەیی، بەهێز کردنی میدیای ناوچەیی، پەروەردە کردنی مامۆستایانی خۆجێیی و پشتیوانی کردن لە بەرهەمە کەلتوورییەکانی زمانە پەراوێزخڕاوەکان.
ئەو توێژینەوە هەوڵی داوە تا دەربڕینی زانستیانە بۆ چەمکی پرێستیژی زمانی، ڕوانگەی ڕەخنەگرانە بە موناسباتی قودرەت لە حەوزەی زمان پێشکەش بکا و ڕێکارگەلێک بدۆزێتە کە دادپەروریی زمانیی لە کۆمەڵگا فرەزمانییەکان دابمەزرێ.

ڕێکەوت: شەممە ۱۴۰۴/۵/۴

https://t.me/nawendy1/1019

بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.

https://t.me/nawendy1/1020

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *