چوارەم دانیشتنی بەشی “زانستە مرۆییەکان”ی ناوەندی جامی

◉ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉
چوارەم دانیشتنی بەشی “زانستە مرۆییەکان”ی ناوەندی جامی
تەوەر: لێکدانەوەی وێژمان و نشانەناسیی ڕەخنەگرانەی فیلمی «درخت گردو» (دار گوێز)
وتاربێژ: سیروان مەحموودی (کاندیدی دوکتورای کۆمەڵناسی کولتووری)
☜ ئەم دانیشتنە بە وتاربێژیی بەڕێز سیروان مەحموودی پێشکێش کرا.
لە سەرەتاوە د. سیروان مەحموودی پرسی سینەما و کاریگەری و ڕۆڵی ئەم دیاردەیەی لە جیهانی ئەمڕۆدا خستە ئاراوە و بەتایبەت باسی لە هێژمۆنی و سیاسەتی سینەما لە بەرامبەر سووژەی کوردی کرد. هەر وەها باس لە زمانناسی وەک بنەما و سەرچاوەی لێکدانەوەی گوتار و نشانەناسی کرا. دواتر، بەکورتی باسی شیکردنەوەی گوتار، مێژوو و ڕەهەندە جیاوازییەکانی لە فۆکۆ، لاکلا و موف، فێرکلاف و… ئاراستەی گوێگران کرا. چۆن مێتۆدی توێژینەوەی وتارەکە سەبارەت بە لێکدانەوەی گوتاریی فۆکۆ و نشانەناسیی جان فیسک بوو، زۆرتر ئەم دوو مێتۆدە شرۆڤەیان لە سەر کرا. لێرەدا باس و تەوەری وێژمان/ گوتار، ئێپیستیمە، سامانە، دەسەڵات و زانست، سوژە و سوژەگی، ئاڕکیالۆژێ و جینیالۆژێ لە ڕوانگەی فۆکۆ ڕوون کرایەوە و دواتر قۆناغەکانی مێتۆدی نشانەناسی جان فیسک باس کران. لە درێژەی وتارەکە بەکورتی باس لە تیۆرییەکانی گرامشی، ئاڵتووسێر، ئێدوارد سەعید، سپیواک و بەتایبەت ئێستوارت هاڵ وەکوو تیۆریسییەنی پرسی میدیا و سینەما (تێوری ڕێپرێزێنتێشێن / بازنەمایی / ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوە) کرا. دواشیکاری و شرۆڤەی ئەم بابەتانە، وتاربێژ کۆمەڵێک وێنە (بە شێوازی وێنە، دیالۆگ، جلوبەرگ، ڕەنگ و دەنگ، لۆکەیشێن، سێکانس، پلان و…) لە فیلمی دارگوێز بە مێتۆدی شیکردنەوەی گوتاری و نشانەناسی جان فیسک پێشکەشی ئامادەبووانی کرد.
☜ لە کۆتاییدا دەرکەوت کە سووژەی کورد لەم فیلمەدا، بە سووژەیەکی ئۆبژەکراو، لاواز، کۆلۆنیکراو، چەوساوە و کۆیلە پێناسەکراوە و بە یارمەتی لە تەکنیکی سینەمایی و هونەری و بە پاشخانێکی گوتاری و ئایدیالۆژیک، شوناسسڕینەوە، مێژووسڕینەوە، خاکسڕینەوە و مرۆڤسڕینەوە لە سووژەی کورد دەکرێت و لە ئێپۆخەیەکی پووچی و نەبووندا جێگیر دەکرێت.
ڕێکەوت: شەممە ۱۴۰۴/۶/۱
بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.