پێنجەمین دانیشتنی بەشی “زانستە مرۆییەکان”ی ناوەندی جامی

◉ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉
پێنجەمین دانیشتنی بەشی “زانستە مرۆییەکان”ی ناوەندی جامی
تەوەر: پاراستنی ژینگە و بەرپرسێتی ژنان [خوێندەوەیەکی ئێکۆفمینیزمی]
وتاربێژ: لەیلا عەباستاهیر
ڕێپۆرتی پێنجەمین دانیشتنی بەشی زانستە مرۆڤییەکانی ناوەندی جامی
ڕێکەوت: شەممە 15ی خەرمانان 1404
پێنجەمین دانیشتنی ئاڵقەی زانستە مرۆڤییەکانی ناوەندی جامی لە ڕێکەوتی پازدەی خەرمانانی 1404، بە وتاربێژی دوکتۆر لەیلا عەباستاهیر و وتارێک لە ژێر ناوی «پاراستنی ژینگە و بەرپرسێتی ژنان [خوێندەوەیەکی ئێکۆفمینیزمی]» بە حزووری هۆگرانی زانست و ئەدیبان و پسپۆڕانی بواری جۆربەجۆر بەڕێوەچوو.
☜ سەرەتا دوکتۆر مەنیژە میرموکری وەک دەبیری زانستی پەنێل دوای بەخێر هێنانی حازران پێناسەیەکی کورتی بۆ ئێکۆفمێنیزم و سێ پرسیاری سەرەکی ئاڕاستەی کۆڕەکە کرد.
دوکتۆر عەباستاهیر بە ڕوونکردنەوەی چەمکی فمینیزم و ئاماژە بە شەپۆلەکان و جۆرەکانی فمینیزم چوو سەر تەوەری سەرەکی “ئێکۆفمینیزم” و لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک بابەتی بنەمایی و سەرەکی هێنا ئاراوە و پاشان چەمکە پێوەندیدارەکانی تر چەشنی چەمکی ژینگە و جۆرەکانی ڕوون کردەوە. هەر لەو ڕاستایەدا تیۆرییەکانی ژینگە بە وردی شیکردنەوەی بۆ کرا و مێژووی سەرهەڵدان و بیچم گرتنی بیرۆکەی ئێکۆفمینیزم و پێویستیی ئاگادار بوون لەو ڕوانگەیە بۆ حازران ڕوون کرایەوە. لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە تیۆری دیالێکتێکی کۆمەڵایەتی ـ ژینگەیی لە لایەن ئالێن شنایبێرگ (1975)، مۆدێلی گوتاری ژینگەیی هێرندل و بڕوان (1996) و هەر وەها ئاماژە کرا بە بنەما فەلسەفی و ئەندیشەیییەکانی ژینگەیی و سێ ڕوانینی بەرچاو چەشنی ئێکۆلۆژیزم، ئێکۆفمینیزم و سوسیالیزمی ژینگەیی لەم پێوەندییەدا. ئاماژە بە چەمکی مرۆڤتەوەری، سروشتتەوەری و ئەخڵاقی ژینگەش هەر لەو ڕاستایەدا بوو.
لە کۆتاییدا گریمانەی گایا (جەیمزلاولاک، 1960)، و كتێبی بەهاری خامۆش (ڕیچەڵ کارسۆن، چالاکییەکانی واندانا شیوا، کارن وارن و والپلامود کە هەندێک کەسایەتی دیاری ئەو بوارانەن لە لایەن د. عەباس تاهیرەوە ناسێندران و قسە لە سەر کارەکان و بیرۆکەکانیان کرا.
لە قەڕاغ ئەوانەدا یادێک کرا لە بزووتنەکانی ئێکۆفمینیزم لە دنیادا چەشنی بزوتنەوەی چیپکۆ (1973) لە هێند، بزووتنەوەی ژنانی سەوز لە کنیا (1977) و بزوتنەوەی تاکەکەسی کرێتاتونبێرگ (2019) کە بە ئاراستە کردنی پرسیارێکی سەرەکی وەکوو “چۆن دەوێرن؟” دەستی پێکرد.
د. عەباستاهیر بابەتەکەی بە ناساندنی خاتوو مەهلەقا مەڵاح کە بە دایکی ژینگەی ئێران ناوزەد کراوە و کۆمەڵێک باس و کێشەی ژینگەیی لە ئاستی شاری مەهاباد و دەوروبەر کۆتایی پێهێنا و چەپڵە و دەستخۆشی حازران.
☜ شایانی ئاماژەیە ئەم سمێنارە بە مێتۆدێکی کارلێکانە (تەعاموڵی) بەڕێوە چوو. واتە لە دوو نێوانبڕدا حازران ئازاد بوون تێبینی و ئیدەکانی خۆیان هەم سەبارەت بە وتارەکە و هەم لە پێوەندی دەگەڵ ڕۆڵی ژن و دۆخی ژینگە بە تێروتەسەلی دەڕبڕن.
ڕێکەوت: شەممە ۱۴۰۴/۶/۱۵
بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.