جامی, دانیشتنی حه‌وتوانه

دانیشتنی حەوتوانە 54

◉ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉ 

پەنجا و چوارەمین دانیشتنی حەوتووانەی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی

تەوەر: میزگێردێک بۆ ڕەوتی ڕەوانناسیی ڕەخنەگرانە(Critical Psychology)
وتاربێژان: د. مەنسوور حاجی(ڕەوانناس، توێژەر و ماموستای زانکۆ)
یاقووب خزری(ڕەوانناس و ڕەخنەگر)
کۆڕگێڕ: سۆما تووتنچی

دانیشتنی ژومارە پەنجاوچوارەمی حەوتووانەی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداریی ئەندامانی جامی، تاقمێک لە نووسەران و ژمارەیەک لە قەڵەم بەدەستان، ڕۆژی دووشەممۆ ۱۹ی جۆزەردان ١٤٠٤ لە نووسینگەی ناوەند بەڕێوە چوو.

☜ پەنجاوچوارەمین دانیشتنی ناوەندی جامی لە ژێر سەردێڕی “کریتیکاڵ سایکالۆژی”(روانشناسی انتقادی) بەشێوەی میزگێرد بەڕێوە چوو. لەم میزگێردە‌دا دوو ڕەوانناسی مەهابادی بەڕێزان مەنسوور حاجی و یاقووب خزری مژاری بەرنامەیان خەستە بەر باس.
سەرەتا یاقووب خزری ڕەوانناس و توێژەر لە بابەت ئەم ڕەوتەی ڕەوانناسی، بە شێوەیەکی مێژوویی باسی چۆنێتی سەرهەڵدانی کریتیکاڵ سایکالۆژی کرد. خزری کوتی ڕەوتی زاڵی ڕەوانناسی واتا ئەوەی کە پێیدەڵێن ڕەوانناسیی سوننەتی لە ساڵەکانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ی زایینی ئیتر نەیتوانی وڵامدەری قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان بێ. بۆیە کریتیکاڵ سایکالۆژی وەک ڕەوتێکی ڕەخنەیی و بە پشت بەستن بە هێندێک لە بنەما تیۆرییەکانی وەک قوتابخانەی فڕانکفۆڕت، فێمینیزم و مارکسیزم گرینگی دا بە بافتار و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسی. ئەم ڕەوتە، ڕەخنەیەکی توندی گرت لە تاک‌گەرایی ڕەوانناسیی سوننەتی و ڕەوانناسانی پەیوەست بەم ڕەوتە، پێیان وا بوو جەریانی زاڵ لە ڕەوانناسی‌دا حەولی داوە بنەما کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و تەنانەت ئابوورییەکانیش کە زەمینەی گرفتە و پڕابلێمە ڕەوانییەکان ساز دەکەن لە بەر چاو ناگرێ.
خزری له کۆتایی‌دا کوتی: “ڕەوتی کریتیکاڵ سایکالۆژی تەنیا لقێکی نوێ لە ڕەوانناسی‌دا نییە، بەڵکە پاڕادایمێکی ڕادیکاڵە بۆ وەی هێژمۆنی ڕەوتی زاڵ بشکێنێ و پرس و ڕووداوە ڕەوانناسییەکان لە بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسی‌دا تەفسیر بکاتەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. کێشە و قەیرانی مرۆڤ پێویستە لە چوارچێوەی نیزامێک لە پێوەندییەکان و چەمکی هێزدا خوێندنەوەیان بۆ بکرێ.
پاشان مەنسوور حاجی ڕەوانناس و لێکۆڵەر، بابەتەکەی خۆی بە ڕەخنە گرتن لە هێندێک لە بنەماکانی ڕەوتی زاڵی ڕەوانناسی دەست پێکرد. بەڕێزیان گوتی: “ڕەوانناسیی سوننەتی سەرەڕای وەی کە توانیوێتی لە دەرمان کردن و چارەسەر کردنی هێندێک لە گرفتە ڕەوانییەکان سەرکەوتوو بێ، بەڵام نەیتوانیوە وڵامدەری بەشێکی زۆر لە گرفتەکانی ڕووحیی مرۆڤ بێ. بەڕێز حاجی لە درێژە‌دا ئاماژەی بەوەی دا کە ڕەوتی زاڵ بە پشت بەستن بە DSM و پێوەرە تەشخیسییەکانی، خەریکە ئینسان لە چوارچێوەی هێندێک پێوەردا پۆلێن‌بەندی دەکا و پێمان دەڵێ ئەگەر کەسێک خاوەنی ئەم پێوەرانە بێ ناهەنجارە و پێویستی بە چارەسەری هەیە. حاجی وتی کریتیکاڵ سایکالۆژی وەک جەریانێک بۆ پڕ کردنەوەی بۆشاییەکانی ڕەوتی زاڵ حەولی دا، هەرچەند پێشیان وابوو ئێستا نەیتوانیوە هەمووی ئەم بۆشایی‌یانە پڕ کاتەوە. پاشان حاجی باسی لەوەی کرد کە لە حەوزەی فێرکردن و بارهێنانیش‌دا ڕەوانناسی تووشی قەیرانە و نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە وەک پێکهاتەیەکی تۆکمە پشتی پێ ببەستین.

☜ بەشێکی تری بەرنامەکە بریتی بوو لە “پرسیار و وڵام”. لەم بەشەدا ئامادەبووان پرسیارەکانی خۆیان لە بابەت تەوەری باسەکە خستە ڕوو و وڵامی پێویست لە لایان وتاربێژەوە پێشکەشی ئەو بەڕێزانە کرا.

ڕێکەوت: ۱۹ /٣/ ١٤٠٤

https://t.me/nawendy1/872

بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.

https://t.me/nawendy1/873

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *