بەرنامەی تایبەت به 100 دانیشتنی ناوەندی جامی
◉ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉
بەرنامەی تایبەت بە سەد دانیشتنی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی
تەوەر: جامی و هەنگاوەکانی داهاتوو
وتاربێژان:
دوکتور خالەق جەلیلنژاد
دوکتور مەنیژە میرموکری
بەڕێوەبەر: محەممەد ئەمین قازی( نەدار )
✔ سەرەتای بەرنامە کاک ئەحمەد بەحری بە نوێنەرایەتی لە ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی پەیامی ناوەندی پێشکێش کرد.
پاشان خاتوو سۆما تووتنچی و کاک مەزهەر سەوارە لە لایەن بەشی لاوانی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامییەوە پەیامی ئەم بەشەی ناوەندیان ئاراستە کرد.
لە درێژەی بەرنامەکەدا پەنێلێکی زانستی بە بەشداری بەڕێزان دوکتور خالەق جەلیلنژاد و دوکتور مەنیژە میرموکری لە پێوەندی لەگەڵ سەد دانیشتنی ناوەندی جامی، هەڵسەنگاندنی ئەم دەورەیەی ناوەندی جامی و هەنگاوەکانی داهاتووی ناوەند بەڕێوە چوو. لە بەشی یەکەمی پەنێلەکەدا ڕێزدار خانم دوکتور مەنیژە میرموکری لە وتارێکدا بە شێوەی تەحلیل مەحتەوایی گشت بەرنامە و پڕۆژەکانی ناوەندی جامی خستە بەر تیشکی لێکۆڵینەوە و بە وردەکارییەکی زۆرەوە ئەم سەد دانیشتنەی ناوەندی جامی شی کردەوە. بەڕێزیان وتی: ” دانیشتنەکانی ناوەندی جامی لە چەندین بەشدا بە ئەنجام گەیشتوون، بۆ نموونە کۆمەڵناسی، ڕەوانناسی، زمانناسی، جیهانی دیجیتاڵ، فەلسەفە، سیاسەت، ئەدەبیات، بەرنامەی ئازاد، دیداری تایبەت بۆ شارەکانی تر وەک سەقز، سەردەشت و نەغەدە، کەونارناسی و قەیرانی ئاو و چەندین بابەتی تر. د. میرموکری لە درێژەی باسەکەیاندا ئاماژەی بەوە کرد، فرەچەشنی لە مەوزووعەکاندا بەرچاوە و ئەوەش دەتوانێ وەک خاڵێکی پۆزێتیڤ چاوی لێ بکەین و ئەم شێوازە کارەی بەرز نرخاند. هەر وەها بەڕێزیان وتی: بەردەنگەکانی ناوەندی جامی تا ئێستا نەگۆڕ بوون و لەو بەشەدا ڕەخنەی گرت و وتی ئەمە جێگای پرسیارە بۆچی بەردەنگەکان هەر کۆمەڵێک کەسانی دیارکراو بوون. ئەمەی وەک خاڵی لاوازی ئەم سەد دانیشتنە دەستنیشان کرد. ڕەخنەیەکی تری دوکتور میرموکری لە دانیشتنەکانی ناوەندی جامی ئەوە بوو کە بەشێک لە دانیشتنەکان نەبوونە پڕۆژەیەکی کاری و ناوەند دەتوانێ لە داهاتوو بە شێوازی پڕۆژەتەوەر دانیشتنەکانی ڕێک بخا. وتاربێژ لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی: ” سەرەڕای هەمووی ئەو ڕەخنانە ناوەندی جامی توانیوێتی ببێتە خاوەنی پێگەیەکی باش و سەرجەم بەرنامە و پلانەکانی ئەم ناوەندەی باش هەڵسەنگاند و هیوای خواست ناوەند لە داهاتوودا بتوانێ پتەوتر هەنگاو بنێ.
له بەشی دووەمی پەنێلەکەدا بەڕێز دوکتور خالەق جەلیلنژاد باسێکی تێئۆریکی لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە ” مێژووی پێکهاتەی عەقڵییەتی کورد ” هێنایە گۆڕ. بەڕێزیان له سەرەتای باسهکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: ” بۆ وەی بزانین داهاتوو بۆ ئینسانی کورد و کۆمەڵگای مێژوویی کورد دەبێ چۆن پێناسە بکرێ، پێویستە سرنج بدەینە دوو بابەت، یەکەم بتوانین پرسیاری قووڵ و جەوهەری لە ڕابردوو و ئێستا بکەین. دووەم خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەمان هەبێ سەبارەت به کۆمەڵگای مێژوویی کورد تا بتوانین ڕێباز و گوتاری مەعریفی گونجاو و وڵامدەر بۆ چۆنێتی دەستەبەر کردنی داهاتوو بخەینە بەر دەست.
وتاربێژ لە درێژەی باسەکەدا ڕەچەڵەکناسی پێکهاتەی مێژوویی عەقەلیەتی کوردی خستە بەر باس. سێ گوتاری پێکهێنەری عەقڵییەتی کوردی بەو شێوەیە دەستنیشان کرد: ” گوتاری کوردناسیی کلۆنیالیستی، گوتاری کوردناسیی ئۆرێنتالیستی و گوتاری کوردناسیی بەرگریکار.
پاشان دوکتور جەلیلنژاد تایبەتمەندییەکانی ئەو عەقڵییهتەی لە دوو لایەنی پۆزێتیڤ و نێگەتیڤ شرۆڤە کرد و وتی: ” داهاتوو پێوستی بە گوتارێکی نوێ هەیە تا بتوانێ لەسەر بنەمای ڕەخنەی زانستی و داهێنەر و پرسیاری جەوهەری، نەزمێکی ئێپستمیکی نوێ که پەیوەندیی ئینسانی کورد و کۆمەڵگای مێژوویی کورد لەگەل داهاتوو، لە دەرەوەی ئەو سوننەتانە دابرێژێ.
بەشێکی تری بەرنامەکە بریتی بوو لە پێشکێش کردنی چەند پارچە مۆسیقا، لە لایەن هونەرمەندی بە ئەزموونی شاری مەهاباد مامۆستا سەلاح خزری هاوڕێی هونەرمەندی گەنج و تازە پێگەیشتوو، محەممەد هەورامی( بە زاراوەی هەورامی ) کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.
پاشان خاتوو گوڵاڵە ستاوەند لە لایەن بەشی منداڵانی ناوەندی جامی پەیامی ئەم بەشەی ناوەندی پێشکێش کرد.
لە کۆتایی بەرنامەدا وێڕای پەزیرایی لە میوانەکان هونەرمەندانی بەشدار بوو کاک سەلاح خزری و کاک محەممەد هەورامی چەند گۆرانییەکی تریان پێشکێش کرد و دانیشتنەکە کۆتایی هات.
بۆ وەرگرتنی فایلی PDF وتاری ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە:
بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.
