جامی, دانیشتنی حه‌وتوانه

دانیشتنی حەوتوانە 101

‍ ‍ ‍ ‍ ‍ ◉ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉ 

سەد و یەکەمین دانیشتنی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بەڕێوە‌ چوو.

تەوەر: گێڕانەوەی دوێنێ بە کاتی ئەوڕۆ

وتاربێژ: عەزیز وەلیانی

بەڕێوەبەر: یاقووب خزری

سەد و یەکەمین دانیشتنی  ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری ئەندامانی جامی، تاقمێک لە نووسەران و هۆگرانی بەشی فەرهەنگی  و کۆمەڵایەتی، لە شاری مەهاباد،  ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی لە نووسینگەی ناوەند بەڕێوە چوو.

☜ ناوەندی فەرهەنگی  هونەریی جامی لە درێژەی بەرنامەکانی خۆی‌دا،  ئەو دانیشتنەی تەرخان کردبوو بە بابەتێکی تایبەت و پێوەندیدار بە مێژووی شاری مەهاباد.

کاک عەزیز وەلیانی وتاربێژی ئەم جارەی ناوەندی جامی، سەرەتا وەک پێشەکی و بەر لە دەسپێکی وتارە سەرەکییەکەی، باسێکی لە سەر بەرهەمە فارسییەکەی خۆی بە نێوی ” پرتوی از دیار کهن ” ئاراستە کرد و کوتی:  ” ئەم کتێبە ئاوڕی پێویستی لێ نەدراوەتەوە “. لە درێژەدا بابەتەکەی بە نێوی ” گێڕانەوەی دوێنێ بە کاتی ئەوڕۆ ” دەست پێکرد. ناوەڕۆکی ئەم باسە پەیوەست بوو بە کتێبێک بە نێوی ” سابڵاغ و ساڵی ساڵان ” نووسینی وتاربێژ( عەزیز وەلیانی ). ئەم کتێبە ئامادەی چاپە و لە داهاتوویەکی نیزیک‌دا دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران.

وتاربێژ ئاماژەی بەوەی دا لە نووسینی ئەم بەرهەمەدا لە شێوازی کڕۆنیکێل کەلکی وەرگرتووە. بەڕێزیان پێی وا بوو بەشێک لە مێژووی شاری مەهاباد لە گێڕانەوە و ناوەڕۆکی کتێبەکەدا بەرچاوە و لە ڕاستی‌دا دەکرێ وەک مێژووی زارەکی ئەم ناوچەیە لە قەڵەم بدرێ.

کاک عەزیز وەلیانی لە بەشێکی تری وتارەکەی‌دا وێنایەکی لە دووکانەکەی باوکی( لە کتێبەکەدا هاتووە )  بۆ بەشداربووان خستە ڕوو. پاشان هێندێک لە بیرەوەرییە خۆش و ناخۆشەکانی ئەو کاتی خۆی گێڕایەوە و هەستی ئامادەبووانی ورووژاند.

مامۆستا وەلیانی بە خوێندنەوەی پەخشانێکی ئەدەبی کۆتایی بە باسەکە هێنا.  

لە بەشی کۆتاییش‌دا، ئامادەبووانی کۆڕەکە پرسیار و تێبینی‌یەکانی خۆیان ئاراستەی وتاربێژ کرد و بەڕێزیان بە وردی لە چوارچێوەی باسەکە وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

 

  ئاگاداری

دەنگەفایلی وتارەکەی مامۆستا عەزیزی وەلیانی بە دوو هۆکار بڵاو ناکرێتەوە:
یەکەم: بە پێی داواکاریی کاک عەزیز وەلیانی وتاربێژی ئەم جارەی ناوەندی جامی.
دووەم:  ئەم بابەتە بڕیارە لە چوارچێوەی کتێبێک بە نێوی ” سابڵاغ و ساڵی ساڵان “ لە داهاتوویەکی نیزیک‌دا چاپ و بڵاو بکرێتەوە؛ بە وتەی نووسەری کتێبەکە بۆ پاراستنی ناوەڕۆکی بابەتەکان دوای لە چاپ دانی ئەم بەرهەمە ئەگەر گونجا بڵاو دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی

 

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *