دانیشتنی حەوتوانە 77


❂ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی❂
حەفتا و حەوتەمین دانیشتنی زانستیی ناوەندی فەرهەنگی هونەری جامی بەڕێوە چوو
📖 میزگێرد
تەوەر: پڕۆفیسۆر محەممەد فازیلی، بیرمەندی داهێنەر
وتاربێژان
١- د. شەهباز مۆحسێنی(بەڕێوەبەر)
٢- د. ڕەسووڵ ئەبولمحەممەدی
٣- د. ئەحمەد ئەحمەدیان
✓ حەفتا و حەوتەمین دانیشتنی حەوتووانەی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری هۆگرانی زانست و فەرهەنگی کوردی، مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ، میوانانی شاری سەقز، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی بە شێوەی میزگێرد، لە نووسینگەی ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی بەڕێوە چوو.
✔ لە بەشی یەکەمی میزگێردەکەدا دوکتور ئەبولمحەممەدی مامۆستای زانکۆ باسێکی لە سەر جێگەوپێگەی پڕۆفیسۆر فازیلی هێنایە بەر باس. ئەم مامۆستای زانکۆیە وتی: ” پڕۆفیسۆر فازیلی ئاکام و جامیعی دوو ڕوویکەردی گرینگی علوومی شەرعی و ئەدەبیاتی عەڕەبە، دوکتور فازیلی لە علوومی بەلاغەتیشدا زۆر شارەزا بووە. بەڕێزیان باسی لەوەی کرد کە دوکتور فازیلی لە عیلمی بەلاغەدا وەکوو سەرچاوەیەکی گرینگ لە جیهانی ئیسلامدا ناسراوە، تەنانەت زیاتر لە 500 ئایەتی قوڕئانی پیرۆزی لە چوارچێوەی بەلاغەتدا شی کردووەتەوە کە بێ وێنەیە. دوکتور ئەبولمحەممەدی پێی وا بوو پڕۆفیسۆر فازیلی چەمکی ئیستعارەی بۆ جارێکی تر و بە شێوەیەکی تۆکمەتر لە عیلمی بەلاغەدا ناساندەوە”.
✔ لە پاژی دووەمی میزگێردەکەدا دوکتور مۆحسێنی مامۆستای زانکۆی ئازادی مەهاباد لە بەشی یەکەمی وتارەکەیاندا وتی: “سێ کەسایەتی گەورە لە کوردستان پەروەردەی حوجرە بوون. یەکیان مامۆستا ئەحمەد تورجانیزادە یەکێک لە دامەزرێنەرانی دانیشکەدەی ئەدەبیاتی زانکۆی تەورێز بوو. دووەمی ئوستاد حەمیدی بەدیعوززەمانی مامۆستایەکی گەورەی زانکۆی تاران بوو. سێهەمیان مەڕحووم پڕۆفیسۆر محەممەد فازیلی مامۆستای زانکۆی مەشهەد بوو.
بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی خۆیدا بە شێوەیەکی وردبینانە و زانستی ئاسەوارە گرینگەکانی پڕۆفیسۆر فازیلی ناساند و هەر وەها ئاماژەی بە بەشێک لە بیۆگڕافی ئەم بڵیمەتە کرد. لە کۆتاییدا دوکتور مۆحسێنی پێیان وا بوو پڕۆفیسۆر فازیلی کەسایەتییەکی فڕەڕەهەند بووە.
✔ لە پاژی سێهەمی میزگێردەکەدا د. ئەحمەدیان سەرەتا بە شێوەیەکی مێژوومەند باسی حوجرەکانی کوردستان و ڕۆڵی حوجرە لە ساز کردنی کەسایەتییە بەرزەکانی کوردستانی کرد و وتی زۆربەی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کورد تەنانەت تاقمێک لە فەرهەنگنووسە گەورەکانی کورد وەک گیوی موکریانی و مامۆستا هەژار پەروەردەی حوجرەکانی کوردستان بوون. پاشان بەڕێزیان وتی پڕۆفیسۆر فازیلی ماوەیەک لە خزمەت مامۆستا عەبدوڵا ئەحمەدیانیشدا دەرسی خوێندووە پەروەردەی حوجرەی ئەم مەزنەپیاوە بووە و پاشان لە زانکۆ بەنێوبانگەکانی ئێراندا بووەتە خاوەنی پلەوپایەیەکی بەرزی زانستی.
✓ بەشێکی تری بەرنامەکە بریتی بوو لە ” پرسیار و وڵام”. لەم بەشەدا ئامادەبووان پرسیارەکانی خۆیان لە بابەت تەوەری باسەکە خستە ڕوو و وڵامی پێویست لە لایان وتاربێژانەوە درایەوە.
١٤٠٤/٩/١٠
بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.