دانیشتنی حەوتوانە 79

ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉
حەفتا و نۆهەمین دانیشتنی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بەڕێوە چوو.
تەوەر: کاریگەریی ڕەوتە ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان(وەک نموونە، گرووپی ڕەهەند)
وتاربێژ: فەرهاد ئەمین پوور(نووسەر و ڕۆژنامەوان)
بەڕێوەبەر: یاقووب خزری
دانیشتنی ژمارە حەفتا و نۆی حەوتووانەی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری ئەندامانی جامی، تاقمێک لە نووسەران و هۆگرانی فەرهەنگ و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، ژمارەیەک لە قەڵەم بە دەستان و مامۆستایانی زانکۆ لە شاری سەقز، ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی لە نووسینگەی ناوەندی جامی بەڕێوە چوو.
☜ سەرەتا یاقووب خزری وەک بەڕێوەبەری بەرنامە، بەخێر هاتنی بەشدارانی کۆڕەکەی کرد.
پاشان فەرهاد ئەمین پوور، نووسەر و ڕۆژنامەوان لە شاری سەقز وەک وتاربێژی ئەم دانیشتنە، باسەکەی خۆی سەبارەت بە چەمکی ڕۆشنبیر و دیاردەی ڕۆشنبیری بە گشتی لە چوارچێوەی مێژووی ئەم ڕەوتە لە ڕۆژئاوادا دەست پێکرد. ئەمین پوور لەم بەشەدا ئاوڕێکی مێژوویی دایەوە سەر جێگەوپێگەی ئەم چەمکە لە مێژووی هزر و عەقڵانییەتی مرۆڤ لەسەردەمی یۆنانەوە تاکوو ئێستا و وردەکارییەکانی تیۆریکی ئەم بابەتەی شی کردەوە.
پاشان باسی لە گرووپی ڕەهەند وەک گرووپێکی ڕۆشنبیری لە کوردستان کرد؛ پێی وابوو ئەم گرووپە لە چەندین لایەنەوە کاریگەریی هەبووە لە سەر زەینی کۆمەڵگەی کوردی و دیارە بەرچاوترینیان بریتین لە:
– ئاشنا کردنی زەینی کورد بە پرسی تیۆری
– دروست کردنی فەرهەنگێکی تازەی ڕۆشنبیری لە کوردستان
– داهێنانی زمانێکی نوێ بۆ نووسین جیا لە زمانی ئەدەبی
– گۆڕینی سروشت و چییەتی پرسیار
– دامەزراندنی نەریتێکی بوێرانە لە ڕەخنەدا
– شکاندنی قۆڕغکاریی فکری لە سیاسەتدا و دروست کردنی فەزایەکی نوێ بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی
ئەمین پوور لە درێژەدا باسی هێندێک لە ئاستەنگەکانی ئەم گرووپەی کرد، یەک لەوان کەوتنە بەر پەلاماری ئەم گرووپە لە لایان هێندێک ڕەوت وەک ئایین و لایەنێک لە ناسیۆنالیزمی کوردی.
لە درێژەدا و لە کۆتاییدا فەرهاد ئەمین پوور شیکاری دۆخی نێوخۆی گرووپی ڕەهەندی کرد و وتیشی بە هۆی کێشەی فکری و ناوخۆیی تووشی هێندێک مەسئەلە بوون کە بوو بە هۆی لێک ترازان و لە نەهایەتدا نەمانی ئەم گرووپە.
جێگای ئاماژەیە بەشی کۆتایی کۆڕەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و سرنجی ئامادەبووان کە کۆمەڵێک پرسیار و سرنجیان هێنا گۆرێ و وتاربێژ وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
ڕێکەوت: ٫١٠٫١ ۱٤٠٤
بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.