دانیشتنی حەوتوانە 91
◉ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉
نەوەد و یەکەمین دانیشتنی حەوتووانەی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی
دووهەمین دانیشتنی بەشی لاوان
تەوەر: ئەخلاق لە کۆمەڵگادا
📆 ڕێکەوت: دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥
⏱ کات: چوار(٤:٠٠)ی دوانیوەڕۆ
دووەمین دانیشتنی بەشی لاوانی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری ئەندامانی جامی، تاقمێک لە نووسەران و هۆگرانی فەرهەنگ و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، لاوان و بەشێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری مەهاباد، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی لە نووسینگەی ناوەندی جامی بەڕێوە چوو .
سەرەتا وەک دەسپێکی بەرنامە ڕێزدار مەزهەر سەواره بەڕێوبەری بەرنامه، بە خێر هاتنی بەشدارانی کۆڕەکەی کرد و بە خوێندنەوەی بابەتێک مژاری دانیشتنەکەی ورووژاند.
سەرەتای دانیشتنەکە دوکتور خالەق جەلیلنژاد ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی جامی کورتەباسێکی سەبارەت بە کارنامەی ناوەندی جامی و لێکەوتەی پڕۆژەکانی ئەم ناوەندەی هێنایە ئاراوە. پاشان ئاماژەی بە پلانەکانی جامی بۆ داهاتوو کرد. جەلیلنژاد باسی لە کاریگەریی ناوەندی جامی لە کۆمەڵگای فکری و فەرهەنگی کوردستان کرد و گرینگایەتی ئەم بەرنامانەی خستە ڕوو.
لە بەشی دووەمدا محەممەد عەبدووڵڵابەیگی وەک یەکەم وتاربێژ تیشکی خستە سەر بابەتگەلێکی وەک مێژووی ئەخلاق لە ناو کۆمەڵگادا، بە سرنج دان بە پرسی نەریت و ژیانی عەشیرەیی و کۆمەڵە کردەیەک کە لە ناو ئەو کومەڵگایەدا هەبووە، بەڵام لە چوارچێوەی عەقڵانییەتی دەسەڵاتدا مامەڵەی لەگەڵ کراوە. بەو حاڵەشەوە کۆمەڵگا ڕەوتی خۆی پێواوە. بەڵام دوابەدوای پەرە سەندنی شارستانییەت زۆربەی ئەمرە ئەخلاقییەکان کاریگەرییان نەماوە. هەڵوێستەی کۆمەڵگاش لە بەرابەر ئەم دیاردەیەدا تێپەڕ بوون لەو چەمک و پرسە ئەخلاقییانە و گرتنە بەری شێواز و پێناسەیەکی نوێ لە ئەمری ئەخلاقی بووە(هەڵبەت لە دەرەوەی تەمەن، ڕەگەز و پێگە کۆمەڵایەتییەکاندا).
لە بەشی سێیەمدا ئیبڕاهیم ڕەسووڵی واکاوییەکی زانستی لە پێوەندی لەگەڵ چەمکی “ئەخلاقی مانەوە (بقا)” کرد، بۆ وەی قەیرانی بەرپرسیارێتی، خزمگەرێتی (nepotism) و ڕیپڕۆداکشنی دەسەڵات، ئەخلاقی بێدەنگی، قەیرانی تاکێتی و پاڕادۆکسی ئازادیی فەرهەنگی و قوربانی بوون لە پێناو ڕەنج و بیرەوەری کۆمەڵایەتیدا شی بکاتەوە. ڕەسووڵی ئەم مژارانەی بە ڕوویکەردێکی زانستی و تیۆریکەوە لێک دایەوە.
مەزهەر سوارە وەک بەڕێوەبەری پەنێل، لە چەند ئێپیزۆددا باسێکی لە سەر ئەخلاق و پرسی بەها، تاک و کۆمەڵگا، پرسی ئەخلاق و دەسەڵات و مۆدێڕنیتەی هێنایە ئاراوە.
پێویستە ئاماژە بەوەی بکەین ئەم دانیشتنە بە شێوەی گفتوگۆی ئازاد(دیبێیت) بەڕێوە چوو، کە کۆمەڵێک پرسیار و سرنج لە لایان بەشداربووانەوە هاتە گۆرێ و وتاربێژان وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.
🆔 https://t.me/nawendy1
بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.


