دانیشتنی حەوتوانە 88

◉ ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉
هەشتا و هەشتەمین دانیشتنی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بەڕێوە چوو.
تەوەر: پێگەی ژن لە نێوان نەریت و نوێخوازیدا، خوێندنەوەیەکی بەراوردکاری بۆ بەرهەمەکانی فەتاح ئەمیری و عەتا نەهایی(بەشی دووەم)
وتاربێژ: د. سۆران شێخولئیسلامی
بەڕێوەبەر: سیما کوردپوور

هەشتا و هەشتەمین دانیشتنی حەوتووانەی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری ئەندامانی جامی، تاقمێک لە نووسەران و هۆگرانی فەرهەنگ و پرسە کۆمەڵایەتییەکان و ژمارەیەک لە قەڵەم بە دەستان، ڕۆژی دووشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی لە نووسینگەی ناوەندی جامی بەڕێوە چوو.
☜ سەرەتا سیما کوردپوور وەک بەڕێوەبەری بەرنامە، بەخێر هاتنی بەشدارانی کۆڕەکەی کرد.
پاشان دوکتور سۆران شێخولئیسلامی وەک وتاربێژی ئەم دانیشتنە، باسەکەی خۆی سەبارەت بە تەوەری سەرەکی وتارەکەیان دەست پێکرد. وتاربێژ سەرەتا پوختەیەکی لە بەشی یەکەمی وتارەکە پێشکێش کرد. لە درێژەدا ئاماژەی بە ڕۆمانی گرەوی بەختی هەڵاڵە لە نووسینی عەتا نەهایی کرد و ڕۆڵی کەسایەتی ژنی لەم ڕۆمانەدا بە بەراورد کردن لەگەڵ بەرهەمەکانی فەتاح ئەمیری لێک دایەوە.
بەڕێزیان وتی: “کەسایەتییە سەرەکەییەکانی ژن لە ڕۆمانی گرەوی بەختی هەڵاڵەدا بریتین لە: هەڵاڵە و سەعادەت(دایکی هەڵاڵە). شێخولئیسلامی پێی وا بوو سەعادەت دایکی هەڵاڵە خاتوونێکی تەواو کلاسیک و سوننەتی بوو کە بە پێی ئەرکەکانی، تەنیا کاروباری ڕۆژانەی ماڵەکەیانی بەڕێوە دەبرد، ژنێکی هەستیار بوو، بە جۆرێک کە چکۆڵەترین ڕووداو وە گریانی دەخست. هەڵاڵەش وەک یەکێکی تر لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە هاوکات لەگەڵ سێ کەس وەک پیاو(سەمبولی جیهانی فکری پیاوانە)، لە پێوەندییەکی نابەرابەردا بوو، یەکەم باوکی هەڵاڵە، دووەم خۆشەویستەکەی بە نێوی برایمۆک و سێیەم هاوسەرەکەی شێرزاد. بە پێی هەڵسوکەوتی ئەم سێ کوچکەیە و هەر وەها ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە چوار جۆرە توندوتیژی لە کردار و ڕەفتاری کاراکتێرە پیاوەکان بە نیسبەت ژنەکان دیاری کرا. ئەم چوار چەشنە لە توندوتیژی بریتین بوون لە: ١- توندوتیژیی سەمبۆلیک ٢- توندوتیژیی دەزگایی و جەنگی ٣- توندوتیژیی ئاشکرا
٤- توندوتیژیی شاراوە”
وتاربێژ پێی وا بوو هەر کام لەو توندوتیژییانە لە ڕۆمانەکەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان نیشان دراون.
بە گشتی وتاربێژ لەو بڕوایەدا بوو کێشەکانی ژن له ڕۆمانەکەی عەتا نەهاییدا بەرچاوتر و کۆمەڵناسانەتر سەیری کراوە، بەڵام لە ڕۆمانەکانی فەتاح ئەمیریدا ژن بە جۆرێک پارێزراوە، بە واتایە کە شاراوەتر دەوری گێڕاوە و کەمتر هەڵدەکەوێ کاراکتێری سەرەکی بێ.
بەشی کۆتایی کۆڕەکەش تەرخان کرابوو بە پرسیار و سرنجی ئامادەبووان؛ کۆمەڵێک پرسیار و تێڕوانینیان هێنا گۆڕێ و وتاربێژ وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
ڕێکەوت: ٠٤/ ٠٣ / ١٤٠٥
بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە رووبیکا.
کە پێوەندیت نیە بە رووبیکا دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.
https://rubika.ir/jami_mehabad/BHFHDFIGIJBGGGHH