❂ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی❂
نەوەد و چوارەمین دانیشتنی حەوتووانەی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی
تەوەر: بەندی فۆلکلۆریی بەهارە و هەندێ بۆچوون
وتاربێژ: ئەحمەد بەحری
بەڕێوەبەر: قاسم تاباک
نەوەد و چوارەمین دانیشتنی حەوتووانەی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری ئەندامانی جامی، تاقمێک لە نووسەران و هۆگرانی فەرهەنگ و پرسە کۆمەڵایەتییەکان و ژمارەیەک لە قەڵەم بە دەستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی لە نووسینگەی ناوەندی جامی بەڕێوە چوو.
☜ سەرەتا قاسم تاباک وەک بەڕێوەبەری بەرنامە، بەخێر هاتنی بەشدارانی کۆڕەکەی کرد.
پاشان ئەحمەد بەحری وەک وتاربێژی ئەم دانیشتنە، باسەکەی خۆی سەبارەت بە تەوەری سەرەکی وتارەکەیان دەست پێکرد. وتاربێژ سەرەتا پوختەیەکی لە بابەت بەیتی کوردی، گەنجی سەربەمۆر و هێندێک بابەتی پێوەندیدار بە فۆلکلۆر پێشکێش کرد.
لە درێژەدا وتاربێژ جوغڕافیای بەیتەکانی ناوچەی موکریان و کاریگەریی ئەم بەیتانە لەسەر زمانی کوردی شی کردەوە.
مامۆستا بەحری لە بەشی سەرەکی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەی کرد: “بەندی بەهارە ئەوەندی کاری بۆ کردووە خاوەنی شازدە تێکستە، تێکستی سەرەکی بەهارە وەک شێعر، هەندێ گومانی لە سەرە، تاقمێک توێژەران پێیان وایە دەقی شێعرەکە ئی شاعیری گەورە شێخ ئەحمەدی کۆڕە و تاقمێکیش بە شێخ مارفی دەزانن”.
وتاربێژ لە درێژەدا بەندی بەهارەی لە ڕووی ناوەڕۆک و شێوازی داڕشتن لێک دایەوە. هەر وەها ئەو پەراوێزانەی لە بەرگی حەوتی گەنجی سەربەمۆر بۆی نووسیون پێشکێشی بەشداربووانی کرد.
بەشی کۆتایی کۆڕەکەش تەرخان کرابوو بە پرسیار و سرنجی ئامادەبووان؛ کۆمەڵێک پرسیار و تێڕوانینیان هێنا گۆڕێ و وتاربێژ وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.
https://t.me/nawendy1/2001