کتێبی “فەرهەنگی مەڕداری” نووسین و ئامادە کردنی حەسەن خەلیلپوور له لایان چاپەمەنی بیر چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم فەرهەنگە لێکۆڵینەوەیەکی ئاڕشیوی و مەیدانییه و پێک هاتووە لە ئیدیۆم و دەستەواژەکانی مەڕداری لە چەند ناوچەی کوردستان. بەشێک لە مەدخەلەکان لە ئاکامی گەڕان لە کتێبخانەی کوردیدا بە تایبەت ئەو فەرهەنگانەی تا ئێستا چاپ کراون نووسراونەتەوە. هەر وەها لە دیوانی شاعیران، ڕۆمان و چیرۆکی کوردی، پەندی پێشینیان، سەرچاوە فۆلکلۆرییەکان، بەیتە کوردییەکان، گۆرانییەکانی مامۆستا زیرەک، ماملێ، خالەقی، ڕەزازی، سەید عەلی، ڕەسووی نادری و هتد کەڵک وەرگیراوە. کاری مەیدانی ئەم فەرهەنگەش لە ناوچەکانی موکریان، مەنگوڕایەتی، گەورکایەتی، پیران، سوێسنایەتی، مەحاڵ و شاروێران بۆ ماوەی حەوت ساڵ کاری بۆ کراوە. جێگای ئاماژەیە فەرهەنگی مەڕداری دووەم بەرهەمی “حەسەن خەلیلپوور”ە یەکەم بەرهەمی ئەم نووسەرە بە ناوی “وسووکەند ئاواییەکەم” لە لایان “چاپەمەنی ژیر”ەوە پێشتر چاپ و بڵاو کراوەتەوە.