دانیشتنی حەوتوانە 99
◉ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉
نەوەد و نۆیەمین دانیشتنی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بەڕێوە چوو.
سێیەمین دانیشتنی بەشی لاوان
تەوەر: ئەدەبیاتی پۆستمۆدێڕن چییه؟
وتاربێژ: هێمن فەهمی
بەڕێوەبەر: محەممەد ئەمین قازی
دانیشتنی نەوەد و نۆیەمی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری ئەندامانی جامی، تاقمێک لە نووسەران و هۆگرانی بەشی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و لاوانی مەهاباد، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گەڵاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی لە نووسینگەی ناوەند بەڕێوە چوو.
ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی لە درێژەی بەرنامەکانی خۆیدا، ئەو دانیشتنەی تەرخان کردبوو بە بەشی لاوان و سێیەمین دانیشتنی ئەم لێژنەیەی ناوەندی جامی.
✔ تەوەری ئەم دانیشتنە لە ژێر نێوی ” ئەدەبیاتی پۆستمۆدێڕن چییە؟” لە لایەن هێمن فەهمی نووسەری لاو بەڕێوە جوو.
✔ سەرەتای بەرنامە، محەممەد عەبدوڵابەیگی ئەندامی بەشی لاوان، کورتەباسێکی سەبارەت بە مێژوو و تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی کلاسیک و مۆدێڕن ئاراستە کرد.
✔ پاشان وتاربێژی ئەم حەوتەیە ” هێمن فەهمی ” باسەکەی دەست پێکرد. فەهمی سەرەتا مێژووی بزاڤی پۆستمۆدێڕنی بە وردی شی کردەوە و وردەکارییەکانی ئەم بەشە لە مێژووی ئەندیشەی مرۆڤی باس کرد.
هەر وەها ئاماژەی بە تایبەتمەندی و خسڵەتەکانی ئەم ڕەوتە گرینگەی کرد و کاریگەرییەکانی پۆستمۆدێڕنی لە سەر ئەدەبیات، فەلسەفە و بە گشتی چوارچێوەی فکری هاوچەرخدا لێک دایەوە.
✔ هێمن فەهمی لە درێژەدا ماکەکانی پۆستمۆدێڕنیزمی لە ڕۆماندا هێنایە بەر باس. لە کۆتاییدا باسی لەوەی کرد پۆستمۆدێڕن پێویستی بە لێ وردبوونەوە و تێگەیشتنێکی فڕەڕەهەندی هەیە. کۆمەڵگای کوردیش بۆ گەشەی فکری، پێویستە لەو چوارچێوەیەدا حەول بدا و کاری بۆ بکا.
پاشان ئامادەبووانی کۆڕەکە پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان ئاراستەی وتاربێژ کرد و بەڕێزیان بە وردی لە چوارچێوەی باسەکە وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
