
◉ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉
نەوەد و شەشەمین دانیشتنی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بەڕێوە چوو.
تەوەر: خوێندنەوەیەک بۆ فکر و ئەندیشەی عەبدوڵڵا خانی ناهید
وتاربێژ: دوکتور شەهباز مۆحسێنی
بەڕێوەبەر: قاسم تاباک
دانیشتنی نەوەد و شەشەمی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری ئەندامانی جامی و تاقمێک لە نووسەران و هۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی، ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەڵاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی لە نووسینگەی ناوەند بەڕێوە چوو.
☜ ناوەندی فەرهەنگی و هونەری جامی لە درێژەی بەرنامەکانی خۆیدا، ئەو دانیشتنەی تەرخان کردبوو بە شرۆڤە و لێکدانەوەی فکر و ئەندیشەی عەبدوڵڵاخانی ناهید. وتاربێژی ئەو کۆڕە دوکتور شەهباز مۆحسێنی مامۆستای زانکو سەرەتا بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە ژیانی کۆمەڵایەتی و فکریی ئەو کەسایەتییە، باسی لەوە کرد، عەبدوڵڵاخانی ناهید کەسێکی چالاک و خاوەن فکر بووە. بە بڕوای وتاربێژ عەبدوڵڵاخان لە ڕووی فکری داهێنەر و پێشەنگ بووە، ڕوانگەی نوێی لە نووسینی ڕۆمان ڕەچاو کردووە. مۆحسێنی وتی: “عەبدوڵلاخان لە نووسینەکانیدا ڕێچکەیەکی ڕەخنەگرانەی هەبوو و لە ڕێگای نووسینەکانی بەردەوام ڕەخنەی لە کۆمەڵگا دەگرت”. خاڵێکی دیکەی کە بەڕێز مۆحسێنی ئاماژەی پێکرد، ئەوە بوو، بەداخەوە هەموو نووسراوەکانی عەبدوڵڵا خان لەبەر دەستدا نین و لە کۆی هەشت کتێب تەنیا سێ کتێبی لەبەر دەستە. جێگای ئاماژەیە عەبدوڵڵا خان سێ دەورە نوێنەری خەڵکی سەقز و بانە بووە.
پاشان ئامادەبووانی کۆڕەکە پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان ئاراستەی وتاربێژ کرد و بەڕێزیان بە وردی لە چوارچێوەی باسەکە وڵامی پرسیارەکانی دایەوە. لە بەشی کۆتاییدا لەسهر ویستی بەڕێوەبەری بەرنامە(قاسم تاباک) داوا کرا دوکتور خالەق جەلیلنژاد شرۆڤەیەکی کورتی لەو قۆناخە سیاسییە – کۆمەڵایەتییەی عەبدوڵڵا خان ناهید تێیدا ژیاوە بکا. بەڕێزیان بە سرنج دان بە میراتی فکریی مەشرووتە و گوتاری تۆتالیتێری سیاسیی دەورەی ڕەزاشا شرۆڤەی دیسکۆرسی ڕووناکبیرانی کوردی ئەو دەورەیەی کرد.
بۆ وەرگرتنی فایلی دەنگی ئەودانیشتنە کلیک بکە سەر ئەو لینکەی ژێرەوە (دەست داگرە سەر ئەو بەستەر یا بەستنە) کە دەتبەستێتەوە بە فایلی دەنگی دانیشتنەکە لە تێلێگڕام.
کە پێوەندیت نیە بە تێلێگڕام دەتوانی بۆ وەرگرتنی فایلەکە ڕاستەوخۆ پێوەندی بگری بە ژمارە تێلێفۆنی بەشی پێوەندی ماڵپەڕەکەمان.
https://t.me/nawendy1/2060