دانیشتنی حەوتوانە 97


◉ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی جامی◉
نەوەد و حەوتەمین دانیشتنی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بەڕێوە چوو.
تەوەر: چالاکیی ژنان و لەمپەرەکانی
بەڕێوەبەر: سۆما تووتنچی
دانیشتنی نەوەد و حەوتەمی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی بە بەشداری ئەندامانی جامی، ژمارەیەک لە نووسەران و هۆگرانی فەرهەنگی کوردی، چالاکانی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی، هەر وەها کۆمەڵێکی بەرچاوی ژنانی چالاک لە بوارە جۆراوجۆرەکانی هونەری، کۆمەڵایەتی، زانستی، فەرهەنگی و ئەدەبی، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی گەڵاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی لە نووسینگەی ناوەند بەڕێوە چوو.
ناوەندی فەرهەنگی و هونەری جامی لە درێژەی بەرنامەکانی خۆیدا، ئەو دانیشتنەی تەرخان کردبوو بە پرسی ژنان بە گشتی و بە تایبەتی لەمپەرەکانی بەردەم ژنانی کورد بۆ ئەنجام دانی چالاکییەکانیان. بۆ ئەم مەبەستەش ئەم چالاکییانە لە چەندین بەشی جۆراوجۆرەوە لە لایەن خاتوونەکانەوە لێک درایەوە و شرۆڤە کرا. چوارچێوەی بەرنامەکە بەم شێوەیە بوو کە یەکێک لە خاتوونەکانی چالاک بێت و کێشە و لەمپەرەکانی ئەم بەشەی تێیدا چالاکە و کاری تێدا دەکا بۆ ئامادەبووان شی بکاتەوە. بەم پێیە پێکهاتەی دانیشتنەکە بەم شێوازەی خوارەوە بەڕێوە چوو:
سەرەتا پەنێلێکی زانستی بەڕێوە چوو. وتاربێژانی ئەم پەنێلە بریتی بوون لە بەڕێزان:
١- د.مەنیژە میرموکری زمانناس
٢- د. ئیلهام حیکمەت ئارا ڕەوانناس
لەم پەنێلەدا هەر یەک لە وتاربێژان لە ڕووی زانستییەوە کۆمەڵێک پرسی گرینگی پێوەندیداریان سەبارەت بە ژنان لێک دایەوە.
بەشێکی دیکەی بەرنامە بریتی بوو لە باس کردنی گرفت و لەمپەرەکانی بەردەم ژنان لە بەستێنە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی لە لایەن چالاکانی ژنان، بەم شێوەیە:
✔ خاتوو نەرمین ئیبڕاهیم ئازەر: گرفتەکانی ژنان لە بواری نووسیندا
✔ خاتوو پەروین مەلەکزادە: لەمپەرەکانی ژنان لە بواری هونەر بە تایبەت سینەما و شانۆدا
✔ خاتوو فائیزه عەزیزی: کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان لە هونەری نەققاشیدا
✔ خاتوو پەخشان قەلەندەری: گرفت و لەمپەرەکانی ژنان لە بەشی ژینگەپارێزیدا
✔ خاتوو جەمیلە مودەڕڕسی: باسێک لەسەر کۆمەڵی ژنانی ژین لە مەهاباد
✔ خاتوو عیشرەت مۆشفێق: سەبارەت بە پرسی ژن و کاری ئەدەبیی ژنان باسی خۆیان پێشکێش کرد.
✔ خاتوو تریفە ئەمیری: کورتەباسێک لەسەر دۆخی ژنانی هونەرمەند لە بەشی مۆسیقادا
شایانی باسە لەم دانیشتنەدا کۆڕی دایکانی ژاوە(کۆڕی ژنانی چالاک لە بەشی مۆسیقادا) بە سەرپەرەستی خاتوونی هونەرمەند تریفە ئەمیری بە پێشکێش کردنی چەند پارچە مۆسیقا بەشداریان کرد.
لە دوو پاژی تایبەتیشدا، خاتوو تریفە ئەمیری هونەرمەندی گۆرانیبێژ و هەروەها کچە هونەرمەندی مێرمنداڵ، خاتوو باران کوردنیژاد چەند گۆرانییەکییان پێشکێشی بەشدارانی کۆڕەکە کرد.